محەمەد حاجی کەریم
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، نووسەر و ڕۆماننووسی دیاری کورد فەتاح ئەمیری لە بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دواییی کرد، تێبینیم کرد تەنیا یەک دوو نووسەری دیاری باشووری کوردستان، چەند دێڕێکیان لە بارەیەوە نووسی، هیچ کوردێکی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیشم نەبینی، یەک دوو قسە لەسەر کەسایەتی ئەو ڕۆماننووسە گەورەیە بکات.
ئەوە دەرخەری ئەو پێوەندییە خراپەیە، کە لەنێوان نووسەر و ئەدیب و رۆشنبیرانی هەر چوار پارچەکەی کوردستان و تەنانەت تاراوگەیش هەیە.
دەبوایە لە سەردەمی کرانەوە بە ڕووی یەکتر و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای پێوەندی، پردی ڕۆشنبیریی، زۆر لە پردی ڕۆشنبیریی ساڵانی حەفتا و هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو تۆکمەتر بووایە، کەچی بەپێچەوانەوە، هەنووکە نەک هەر نەوەی نوێ، بگرە نووسەر و ئەدیبانی خاوەن ئەزموونیش، کە هێشتا لە ژیاندا ماون، زۆر بە کەمی یەکتر دەناسن و بەرهەمەکانی یەکتر دەخوێننەوە.
جاران هیچ خوێندەوارێکی کورد نەبووە (خانی، جەزیری، نالی، حاجی قادر، حوسێن حوزنی، پیرەمێرد، گۆران، بێکەس، قزڵجی، جگەرخوێن، هەژار و هێمن) نەناسێ و نەکەوتبێتە ژێر کاریگەرییان.
وەلێ بەداخەوە، ئێستا نووسەر و ئەدیبەکانیش وەک پێویست یەکتر ناناسن و ئاگاداری بەرهەمەکانی یەکتر نین.
جێی خۆیەتی بپرسین، ئایا نووسەر و ئەدیبانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان (جەلال مەلەکشا، عەتا نەهایی، یونس ڕەزایی، قوبادی جەلیزادە، لەتیف هەڵمەت و کاروان کاکەسوور) دەناسن؟
ئایا نووسەر و ئەدیبانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگاداری بەرهەمەکانی (محەمەد ئۆزۆن، مەحموود باکسی، حەلیم یوسف، سەلیم بەرەکات، جان دۆست، بێوار ئیبراهیم و ئەحمەد حوسێنی)ین؟
زيدەڕۆیی نییە، ئەگەر خراپی ئەم پێوەندییە لەسەر ئاستی شار و دەڤەرەکانی یەک پارچەی کوردستانیش وەک نموونەیەکی زیندووی بێ ئاگایی و یەکترنەخوێندنەوەی نووسەر و ڕەخنەگر و خوێنەرانی هەردوو دەڤەری بادینان و پارێزگای سلێمانیی وەربگرین.
(تۆماس مان)ی نووسەر و ڕۆماننووسی گەورەی ئەڵمانی، مردنی نووسەر و ئەدیبان، تەنیا بە مردنێکیی کەسیی نازانێ و بە مردنێکیی کولتوورییشی دەچووێنێ، وەلێ بەداخەوە، تاکی کورد، باشترین نووسەر، ڕۆماننووس و چیرۆکنووس، وەرگێڕ و توێژەرەکانی میللەتەکەی خۆی ناناسێ و وەک چۆن بە زیندوویی ڕێزی لێناگرێ، بە مردوویش بە شیاوی هەواڵێکیی ساردوسڕیشی نازانێت.