محەمەد حاجی کەریم
مرۆڤ لەوەتەی هەیە کەوتووەتە ژێر کاریگەری دەورووبەرەکەی، سروشت و ژینگەی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی لە بیرکردنەوە و ئاڕاستەکردنی هەبووە.
مەسعود محەمەد، لە کتێبی مرۆڤ و دەورووبەر، پێیوایە مرۆڤ بەندەیەکی ملکەچە بۆ دەورووبەری ماددی، بۆ ئەمەش ڕەنگدانەوەی وێنەی سروشت لای مرۆڤ وەک نموونە بە ڕەنگدانەوەی سروشت لای نالی و حاجی قادری کۆیی دەبەستێتەوە.
بەو مانایەی لای نالی گوڵ و گیا و ئاژەڵی دەشتودەر بە تەواوی ڕەنگیداوەتەوە، چونکە سەرلەبەری ژیانی ساوایی و منداڵی خۆی لە نێو ئەو سروشتە بەسەر بردووە، بە پێچەوانەشەوە لای حاجی قادر دیاردەی گوڵ و گیا و دەشتودەر زۆر بە کەمی ڕەنگیداوەتەوە، وەک ئەوەی لە زووێکەوە ژیانی دەشتودەری بەجێهێشتبێ و مەودای چەسپاندنی ئەو ژیانەی لە دڵ و بیری خۆیدا دەست نەکەوتبێت.
ئەمە بۆ بوارەکانی دیکەش ڕاستە، ڕۆماننووسی گەورە یەشار کەمال لەبەر ئەوەی لە منداڵییەوە، ژیانی کوێرەوەری و چەوساندنەوەی بە چاوی خۆی دیووە، ئەو ژینگەیە بووەتە هەوێنی بەرهەمی ئەدەبی و تەواوی ڕۆمانەکانی لەژێر ئەو کاریگەرییە نووسیوون.
نازم حیکمەت بە هۆی دورخرانەوەی لە وڵاتەکەی، ژیانی غوربەت بە تەواوی پەرێشانی دەکات و لە نێو شیعرەکانی ڕەنگ دەداتەوە. مەکسیم گورکی ئەوەندە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بێ دایک و باوکی و سەختی ژیانی ئەو سەردەمەی گەلی ڕووس لە سایەی حوکمی قەیسەری، زۆربەی بەرهەمەکانی بە بۆن و تامی ئەو کۆڵەمەرگییە لە دایکبوون.
نموونە گەلی دیکە زۆرن، ئەمە بۆ بواری کۆمەڵایەتی و پەروەردەش ڕاستە، بۆ نموونە ئەو نەوەیەی پێش هاتنەکایەی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای زانیاریی گەورە بووە، ستایلی ژیان و وابەستەبوونی بە پەیوەندی دیجیتاڵی، جیاوازە لەگەڵ نەوەی ئێستا، کە زۆر بە قووڵی ڕووچووتە نێوی و بۆ ساتێکی کەمیش، ناتوانێ لێی داببڕێت.
نموونەیەکی دیکە، چاوەکانی خوێنەرێکی بە تەمەنی خاون ئەزموون، بە خوێندنەوەی کتێبی کاغەزی ئارامدەبنەوە، وەلێ کتێبی دیجیتاڵی ماندووی دەکات، بە پێچەوانەشەوە، نەوەی نوێ، نەک هەر تاقەتی خوێندنەوەی کتێبی کاغەزی نییە، بەڵکو ئارەزوو ناکات هەر بەلایەوە دابڕوات.
بیهێنە بەرچاوت، خۆت و باوکت و کوڕ یان کچەکەت، لە نێو ئۆتۆمبێلێکدان، ڕادیۆی ئۆتۆمبێلەکە داگیرساوە، بەدڵنیاییەوە، هەریەکەیان ئارەزووی بۆ ستایلێکی گۆرانی و گۆرانیبێژێکی دیاریکراو دەچێت، ئەمەش پەیوەندی بە ژینگەی کۆمەڵایەتی قۆناغ و سەردەمی خۆیەوە هەیە. هەر نەوەیەکیش ڕەنگڕێژی ئەو بارودۆخەیە، کە تیایدا ژیاوە.
بۆیەشە خەسڵەت و مامەڵەی مرۆڤ، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، یان لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە دەگۆڕێت، هەروەک کەوتنە ژێر ئەو کاریگەریەش لە ڕووی مۆدێل و ستایلی ژیان، تامی سەردەمی خۆی لێدێ و بە ئاسانی لە ڕەفتار و گوفتار و ڕووخساری مرۆڤ ڕەنگدەداتەوە.
بەم پێودانگە، هیچ کەسێک بەدەر نییە لە کاریگەری سروشت، ژینگەی کۆمەڵایەتی، هەڵسوکەوت و مامەڵەی مرۆڤگەلی دەورووبەر. تەنانەت دەورووبەر لە ئاڕاستەکردن و شوێنکەوتن و وابەستەبوونی مرۆڤ بە ئایین و ئایدیا، یان بیروباوەڕێکی دیاریکراوەوە، یاخود ژینگەی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری پێشینەی مرۆڤ، ڕۆڵێکی باڵای هەیە لە نەشونماکردنی دەروونی تاک، بە هەردوو دیوی توڕەیی و ئارامی، یان شەڕەنگێزی و ئاشتیخوازیی.
بۆیە نابێ لۆمەی نەوەی تازە بکەین، بەوەی خاوەن بیرکردنەوە و خەسڵەت و مامەڵەی جیاوازە، هەروەک چۆن ئێمە وەک باوک و باپیرانمان بیرناکەینەوە، منداڵەکانیشمان مافی خۆیانە وەک ئێمە بیرنەکەنەوە و خاوەنی باوەڕ و دونیابینی خۆیان بن.