Mohammed Kareem 1 years

دوای کۆتایی ڕێگایەکی درێژ

 

محەمەد حاجی کەریم 

لە دەستپێکی ئاڵۆزییەکانی سووریا (2011) هەمووان لەو باوەڕە دابوون، چیتر ڕژێمی ئەسەد خۆی ڕاناگرێ و  زۆر بەخیرایی دەکەوێت. وەلێ دۆخەکە بەجۆرێکی تر کەوتەوە، هۆکارەکانی مانەوەی ڕژێمی ئەسەد تا ئەمڕۆ، ڕوونن، هەمووانیش ئەوە دەزانن ئەوەندەی دەرەکین، نیو ئەوەندە ناوخۆیی نین. قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نییە.

بینیمان، ڕژێمەکەی ئەسەد کەوت، بەڵام ئەمە مانای کۆتاییهاتنیی ململانێ و نەهامەتییەکانیی ئەو وڵاتە نییە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سایەی عەقڵیەتی خۆسپێن و نادیموکراتیی فەرمانڕەواکانی، ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی بەخۆوە نابینێت.

فوئاد عارف لە یاداشتەکانی خۆیدا، نووسیوویەتی، دوای کودەتاکەی عەبدولسەلام عارف و هاوەڵانی بەسەر عەبدولکەریم قاسمی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق، ئامۆژگاریی عەبدولسەلامم کرد، کابینەی حکوومەت بە خەڵکی سەربەخۆ و شارەزا پڕ بکاتەوە، کەچی عەبدولسەلام پێی وتم "بۆ ئێمە چیمانە، ئێمە شۆڕش و کودەتا بکەین و دەسەڵاتیش ڕادەستی خەڵکێکی تر بکەین".

 جەمال عەبدولناسڕ لە میسڕ، عەبدولکەریم قاسم و دواتریش عەبدولسەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر لە عێراق، کاتێک جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست، سەرەتا باش هاتن و لە چەندین ڕووەوە گۆڕانی ئەرێنیان لەگەڵ خۆیان هێنا، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو ئامانجیان پاراستنی کورسیەکانی فەرمانڕەوایی بوو، چەقبەستوویی و پاشەکشێی دیموکراسی و ئازادی سیاسیی بەدوادا هات، تا ئەو ڕادەیەی بە ماوەیەکی کەم وڵاتەکانیان پەلکێشی ماڵوێرانیی گەورە کردنەوە.

جیاواز لەو وێنەیە، داعش کاتێک جێ پێی خۆی لە هەندێک شاری سووریا و عێراق کردەوە، بانگەشەی یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکرد، لێ هەرزوو، کردەوەکانی نموونەیەکی بێ وێنەی ستەمکاریی و توندوتیژیی لە مێژوویی مرۆڤایەتی پیشاندا.

پرسیار ئەوەیە، دەستەی تەحریر شام، چ جیاوازییەکی لەگەڵ داعش و گرووپە توندئاژۆکانی تر هەیە؟ بێگومان لە وڵاتێکدا ئەوانە هاوبەش و حوکمڕان بن، پێکەوەهەڵکردن و سەقامگیریی سیاسیی نەک هەر ئاسان نییە، بەڵکو لە وەهمێک زیاتر نییە.

دەتوانین بڵێین، تەوژمی ئەو گۆڕانکارییەی هەنووکە لە سووریا بەڕێوەیە،‌ ئەوەندەی لە ژێر هەژموون و ئاڕاستەی دەرەکی، پرۆسەیەکە بۆ کۆتاییهاتنی سەردەمی دەسەڵاتی پاوانخوازانەی بنەماڵەی ئەسەد، ئەوەندە دونیابینییەکی نوێ  نییە بۆ هێنانەکایەی سیستەمێکی سیاسی و دەوڵەتێکی مەدەنیی هاوچەرخ.

ڕاستە خەڵکی وڵاتەکە بێ روئیا نین، ساڵانێکی زۆر بوو خەونیان بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەبینی، بەڵام تا ئێستا بەرچاویان ڕوون نییە و نازانن فۆڕمی دەوڵەت و فەرمانڕەوایی دوای ئەسەد، چۆن دەبێت.

تەنانەت ئەم لێکدانەوەیە بۆ گرووپ و لایەنە سیاسییەکانیش ڕاستە، چونکە لە نێوانیاندا، هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر شێواز و میکانیزمی حوکمڕانی داهاتووی وڵاتەکە نەکراوە.

لەم سۆنگەیەوە، ئەوەی بۆ قۆناغی داهاتووی سووریا گرنگە، دۆخی نوێ، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ڕووی بەڕێوەبردن و نەریتیی سیاسی و ئایینی و کولتووریی لەگەڵ خۆی بێنێت.

فوئاد عارف، عەبدولسەلام عارف، عەبدولکەریم قاسم، ئەحمەد حەسەن بەکر، جەمال عەبدولناسر,