محەمەد حاجی کەریم
دوای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، چیرۆکگەلی سەرنجڕاکێش تەواو نابن، ڕۆژنامەوانی زیرەک و خاوەن ڕووانین، دەتوانێ لە ڕێی دۆزینەوەی چیرۆک و بەدواداچوونی قووڵ، زۆر دیمەنی نەبینراو و زانیاریی نەبیستراومان پێ بناسێنێ.
هێز و کاریگەریی میدیا، ئەوکاتە زیاتر دەردەکەوێت، کە بەرهەمێکی میدیایی نوێ و پێشترنەگوتراو، پێشکەشی وەرگر بکات. میدیای باش، ئەو میدیایەیە، دەرفەتەکان بقۆزێتەوە، بۆ دۆزینەوەی ستۆری سەرنجڕاکێش لە پێشبڕکێ دابێ، واش لە ڕۆژنامەوانەکانی بکات، بە سەرنجی ورد و دەستپێشخەری و هەستی داهێنەرانەی خۆیان، بەوپەڕی دڵگەرمی و عیشقەوە، بە دوای زانیاریی نەبیستراودا بگەڕێن و بە شێوەیەک کار لەسەر ناوەڕۆکەکەیان بکەن، هزر و خەیاڵی بینەر و بیسەر، بە تەواوی تێکەڵی کەشی چیرۆکەکان ببێت.
ئەمە بۆ میدیای بیانی چەند گرنگە، بۆ میدیای کوردی سەتان جار گرنگترە، چونکە دەیان ساڵە کورد لەو وڵاتەدا، ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و تەنانەت بێبەشبوون لە سەرەتاییترین مافەکانیی دەبێتەوە.
چیرۆکە تراژیدییەکانی ئەو وڵاتە "گرتن و ئەشکەنجەدان، کوشتن و لە سێدارەدانی خەڵکی سڤیل، ژیانی سەختی زیندانیان، ئاوارەیی، برسیەتی و نەهامەتییگەلی"ی دیکە، شیاوی ئەوەن زۆر بە فراوانی و گرنگییەوە، لە گۆشەنیگای جیاواز، کاریان لەسەر بکرێ و پیشانی هەموو دونیا بدرێن.
ئاخر چیرۆکەکانی نێو ئەم بارودۆخە سەختە، لە توانایاندا هەیە، دڕندەیی ئینسانەکان ئاشکرا بکەن و بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقیی بۆ نەوەکانی داهاتوو بنیاتبنێن. (جۆن پیلیگەر- ڕۆژنامەوانی نێودار) لە خۆیەوە نەیگوتووە، "کاری ڕۆژنامەوانیی لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێدا، تۆمارێکی ڕاستگۆیانەیە و دەبێتە یەکەم ڕەشنووسی مێژوو".