Mohammed Kareem 6 days

گەمژەیی مرۆڤ لە سایەی سۆشیال میدیا

محەمەد حاجی کەریم

 

سۆشیال میدیا لە ڕێگەی پۆست و کۆمێنتەکان، ئاستی مەعریفی، یان ڕووی ڕاستەقینەی زۆر کەسی بۆ دەرخستووین.

ئەم ڕووانینە، زیاتر لەگەڵ خەڵکی بەنێوبانگ و کاریگەر دێتەوە، بەو مانایەی ئەو کێموکاسیانەی جاران میدیای تەقلیدی بۆی شاردبوونەوە، هەنووکە سۆشیال میدیا لێی ئاشکرا کردوون.

ئومبێرتۆ ئیکۆ، نووسەر و فەیلەسوفیی نێوداری ئیتاڵی (1932-2016) پێی وایە، سۆشیال میدیا مافی قسەکردنی بە گەمژەکانیش داوە، کە پێشتر تەنیا دوای خواردنەوەی پەرداخێک شەڕاب لە باڕەکاندا، بەبێ ئەوەی زیانیان بۆ کۆمەڵگە هەبێت، قسەی هەلەق و مەلەقیان دەکرد، بەڵام ئێستا بەچەشنی وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ، سۆشیال میدیا هەمان مافی قسەکردنی پێ بەخشیوون.

بەدڵنیاییەوە، سۆشیال میدیا هەم بۆچوونی ئاستبەرز و وێنەی ئەرێنی، هەم بۆچوونی ئاستنزم و وێنەی نەرێنی زەقدەکاتەوە، وەلێ ئەوەی دووەمیان زۆر گەورەتر وێنادەکا و خێراتریش دەیگوازێتەوە نێو تاکەکانی کۆمەڵگە.

لەگەڵ ئەوەی لە سەردەمی سۆشیال میدیادا، هەموو گەمژەیەک بڵندگۆیەکی هەیە، جەماوەر زۆر بە فراوانی لە دەوری دەنگ بەرزکردنەوەکەیدا کۆدەبێتەوە، بەڵام

ئەگەر وێنەکە بە جۆرێکی تر ببینین و لە یەکێک لە سوودەکانی ئەو بارودۆخە وردبینەوە، زۆر بە ئاسانی لەوە تێدەگەین، ئەگەر جاران کەسانێکمان بە «عاقڵمەند» زانیبن، ئەمڕۆ سۆشیال میدیا گەمژەیی ئەوانی بۆ دەرخستووین.

سۆشیال میدیا، ئومبێرتۆ ئیکۆ، میدیای تەقلیدی، خەڵاتی نۆبڵ,